هێرشی ئاسمانی کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر

لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشی ئاسمانی کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، بەڵام فڕۆکەکە ئامانجی نەپێکاوە و کەوتووەتە خوارەوە. گرووپێکی چەکداری سەر بە "المقاومة الاسلامیة فی العراق" لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزە ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. هەر لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە لە نزیک گوندێکی پارێزگای هەولێر کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت زیانی گیانی هەبووە یاخود نا. لە ماوەی رابردووش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە هێرشکرایە سەر بنکەی هێزە ئەمریکییەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەهۆی هێرشەکەشەوە چەند سەربازێکی ‌هێزی هاوپەیمانان برینداربوون و گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێریش راگیرا.