حەماس 11 بارمتەی دیکەی ئازادکرد

 11 بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە ئازادکران و رەوانەی رێکخراوی مانگی سووری نێودەوڵەتی کران، بارمتەکانیش لە ژن و مێردێک، هەروەها نۆ ژن و منداڵی دیکە پێکهاتوون.

رێکخراوی مانگی سووری نێودەوڵەتی لە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 11 بارمتەی ئیسرائیلی وەرگرت، کە لەلایەن بزوتنەوەی حەماس لە ریزی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئازادکراوبن، بڕیارە هەر ئەمشەویش ئیسرائیل وەریانبگرێتەوە.

ماڵپەڕی "واینت"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەو 11 بارمتەیەی لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە ئازادکراون ژن و مێردێک و نۆ منداڵ و ژنی دیکەن.

پێشتریش نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بڕیارە ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی ئازادبکرێن، بەڵام ژمارەی بارمتەکانی ئاشکرا نەکرد.

لە بەرامبەردا بزوتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەکرد، لیستێکیان بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی پێگەیشتووە.