ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، رووداوێکی هاتووچۆ لە باشووری رۆژئاوای پاکستان روویدا، بەهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و 41 کەسیش بریندار بوون.
مونیر ئەحمەد، بەرپرسی ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ لە ناوچەی حەب لە بەلوچستانی پاکستان روویداوە.
مونیر ئەحمەد راشیگەیاند، “پاسەکە بە خێراییەکی زۆرەوە رۆیشتووە و دواتر لەکۆنتڕۆڵ دەرچووە و کەوتووتە ناو دۆڵێک لە ناوچە شاخاوییەکان کە نزیک بووە لە شوێنێکی ئاینی”، دەشڵێت، “شۆفێرەکە خۆی لە ئۆتۆمبێلەکە هەڵداوەتە خوارەوە و رزگاری بووە”.
وتیشی: سەرنشینەکان “ئەو کەسانە بوون کە لە ناوچەی سیندەوە بەڕێکەوتبوون بەرەو مەزارگەی شا نورانی لە باشووری پاکستان”.
مونیر باسی لەوەشکرد: ” بریندارانی رووداوەکە گواستراونەتەوە بۆ کاراچی.”
د. شەوکەت جالیبانی بەرپرسی نەخۆشخانەی حەب، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: “لانی کەم 17 تەرمیان بۆ توێکاری پزیشکی هێناوەتە نەخۆشخانەکە، هەروەها زیاتر لە 40 کەسیش بریندار بوون کە زۆربەیان گوستراونەتەوە بۆ کاراچی”.