سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە بەغداد و ئەمڕۆ خشتەیەکی پڕ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق هەیە.
فڕۆکەکەی ئەردۆغان کاتژمێر 9:15 خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی نیسان لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ فڕی و لە کاژێر 11:00 لە بەغداد نیشتەوە.
ئەردۆغان کاتژمێر 11:30 خولەک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبێتەوە. ئەردۆغان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کاژێر 12:45 خولەک کۆدەبنەوە.
لە کاژێر 13:25ـدا کۆبوونەوەکانی شاندی هەردوولا دەستپێدەکات.
لە کاژێر 14:30 رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتننامە و یاداشتنامە هاوبەشەکان دەکرێت و، کۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
ئەردۆغان لە کاتژمێر 17:00 لەگەڵ نوێنەرانی گەلی تورکمان لە بەغداد کۆدەبێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ ئەردۆغان سەردانی هەرێمی کوردستان-عێراق دەکات و لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێم کۆدەبێتەوە.
کاتژمێر 19:30 رەجەب تەیب ئەردۆغان دەگاتە فڕۆکەخانی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە ئاستێكی باڵادا پێشوازیی لێ دەکرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا لە کاژێر 19:40 لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق و مەسرور بازرانی، سەرۆکوەزیران لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان-عێراق کۆدەبێتەوە.
لەم سەردانەدا هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری؛ عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی؛ عەبدولقادر ئوڕاڵئۆغڵو، وەزیری گەیاندن و ژێرخان؛ ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستان؛ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان؛ محەممەد فاتح کاجار، وەزیری پیشەسازی و تەکنۆلۆژیا؛ فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و باڵیۆز عاکیف چاغئاتای کڵچ، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی سەرۆککۆمار یاوەری ئەردۆغانن.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی یەکشەممە 21ـی نیسان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، زیاتر لە 20 رێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ دەکرێن.