به‌ر له کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ، كه بڕیارە رۆژانی 11-12ـی تەمووز لە ڤیلنیۆس پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەبچێت، بایدن ئاماژه‌ی بە داواکاری ئۆکراینا بۆ ئەندامێتیی لە ناتۆ كرد و رایگه‌یاند: “پێم وانییە کۆدەنگییەک لە نێوان ئەندامانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا هەبێت بۆ زیادکردنی ئۆکراینا بۆ ناتۆ له‌كاتێكدا كه وڵاته‌كه لە ناوەڕاستی جه‌نگدایه”.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاشكرایكرد، ئەگەر ئۆكراینا لە کاتی جه‌نگدا له‌گه‌ڵ رووسیا بهێندرێته نێو هاوپه‌یمانیی ناتۆوە، ئه‌مه به‌و مانایه دێت كه هاوپەیمانییەکەش دەچێتە نێو جه‌نگه‌كه‌وه، وتیشی: “ئێمە (ناتۆ) لە جه‌نگدا نیین لەگەڵ رووسیا”.
جۆ بایدن باسی له‌وه‌شكرد پێویسته ئۆكراینا پێوەرەکانی دیکەی وەک به‌دیموکراتیبوون بۆ ئەندامێتیی ناتۆ جێبەجێ بکات و ئاشكرایكرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌ندامێتیی ئۆكراینا له ناتۆ بكرێت پێویسته جه‌نگ كۆتایی بێت.
بایدن هەروەها باسی له داواکاری سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد پێی وایە ئەو وڵاتە بە زووترین کات ده‌چێته نێو هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا وێڕای ئاماژەدان بە داواکاری تورکیا و یۆنان بۆ مۆدێرنیزه‌كردنی فڕۆکە F-16ه‌كانیان، وتی:
“تورکیا داوا ده‌كات فڕۆکە F-16ـکانی مۆدێرنیزه بكرێت. هاوكات سەرۆکوەزیرانی یۆنان (کیریاکۆس میتسۆتاکیس) داوای هاوکاری دەکات. به‌ڕوونی بیڵێم، هه‌وڵده‌ده‌م هاوبه‌شییه‌ك درووست بكه‌م كه تورکیا و یۆنانمان له رووی توانای سه‌ربازییه‌وه به‌هێز كردبێت و سویدمان له ناتۆ وه‌رگرتبێت. به‌ڵام ئه‌م پێواژووه هێشتا ته‌واو نه‌بووه”.