وەزیری دارایی هەرێم: پرۆژەی هەژماری من گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی

وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی هەژماری من کۆبووەوە و رایگەیاند: پرۆژەی هەژماری من هەنگاوێکی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی.

ئەمڕۆ دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبۆوە و رایگەیاند جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی و رێگری لە سپی کردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات.

پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەشت بانکی ئەهلی و حکوومییەوە بەردەوامە کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە باوەڕ پێکراون و رەزامەندی بەشداری پرۆژەکەیان پێدراوە.

وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا چەندین کارئاسانی زیاتر بۆ تیمەکان بکرێت تا پرۆسەکە خێراتر بکرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاری کراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان، هەروەک بڕیاریشدرا مۆڵەتی تا یەکی ئەیلوولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و کارمەندانی لیوا هاوبەشەکان بدرێت لە پارێزگای هەولێر کە تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار نەکردووە.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من دوایین داتاو ئاماری پرۆژەکەیان خستەڕوو بە جۆرێک تا ئێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە تۆمارکراون و نزیکەی 240 هەزار کارتی بانکیش دابەش کراوە، هاوکات ئەم مانگە زیاتر لە 50 هەزار مووچەخۆر کە لە 135 یەکەی ژمێریاری لە سەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەکانی داهاتوو ڕێژەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەکرێتەوە.

هاوکات تاوەکوو ئێستا 94 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە 32 شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر دانراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا 140 ئامێری راکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێت.