دوایین زانیارییەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

دوایین زانیارییەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

تشرینی یه‌كه‌م 26, 2024 11:13
دوایین زانیارییەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
0

لایک

هەندێک وردەکاریی سەبارەت بەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاشکرا کرا، کە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تێیدا بەشدار بوون.

سەرچاوە ئیسرائیلیەکان ڕایانگەیاند “زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشداریی ئەو هێرشانەیان کردووە بۆ سەر ئێران، هەروەها نزیکەی 20 ئامانجیان پێکاوە، لەوانەش پێگەکانی مووشەکی بالیستی و کۆمەڵەی بەرگریی ئاسمانی.”

ڕۆژنامەی “یەدیعوت ئەحرۆنۆت” ڕایگەیاندووە “فڕۆکەکانی ئێف 35 بەشدارییان لە هێرشەکەی سەر ئێران کردووە.”

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی ئێران ڕایگەیاند “ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر “خاڵە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.”

وتیشی: “ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکە سەرکەوتوو بوون، لە کاتێکدا لە هەندێک شوێن تەنیا زیانی ماددیی هەبوو.”

لە بارەی هێرشەکەوە بەرپرسێکی ئیسرائیلی جەختی لەوە کردەوە “هێرشەکان ئامانجەکانیان پێکاوە، هەروەها هێزەکانی ئێرانیش نەیانتوانیووە ڕێگری لە هێرشەکە بکەن.”

ئاماژەی بەوەش کرد، “بانگەشەکەی ئێران درۆیە کە دەڵێت، تەقینەوەکان بەهۆی بەرگریی ئاسمانیەوە بووە.”

ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە “سەرچاوە ئاگادارەکانی ئێران ڕەتیانکردەوە بۆمبارانکردنەکە هیچ ناوەند و بنکەیەکی سەربازی لە ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای تاران پێک بێت، دەشڵێن: “دەنگی تەقینەوەکان کە بیستراون بەهۆی بەرگرییە ئاسمانییەکانی 3 شوێنی دەوورووبەری تارانەوە بووە کە وەڵامی هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیلیان داوەتەوە.”

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە کەناڵی ‘ئێن بی سی’ ڕاگەیانده”هێرشەکان نەوتی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆمباران نەکردووە”

هەروەها شرۆڤەکارانیش باسیان لەوە کردووە “تا ئێستا ڕوونە کە هێرشەکان شوێنە سەربازییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان لە باشوور و ڕۆژئاوای تاران بۆمباران کردووە.” هەروەها ئاژانسی ‘فارس’ بڵاوی کردەوە “هێرشەکان کاریگەرییان لەسەر هەندێک شوێنی سەربازی هەبووە.”

هەروەها لە هێرشەکاندا، بۆمبارانی شوێنەکانی دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوە، جگە لە شوێنەکانی مووشەکی بالیستیک و کۆمەڵەی بەرگریی ئاسمانی.

ئەم هێرشەی ئەمڕۆ شەممە، لە تۆڵەکردنەوەی هێرشەکەی ئێران هات، کە لە 1ـی ئۆکتۆبەردا، نزیکەی 200 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

En az 10 karakter gerekli