ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دابەش دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: ئەمڕۆ هەینی (14ـی حوزەیرانی 2024)، مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی سەربازی (خانەنشینی پێشمەرگە و خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ) دابەش دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: بۆ ئەو مەبەستە دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە کراوە دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەی ئەو چین و توێژانەیان لە ئەستۆدایە.

رۆژی دووشەممە (10ی حوزەیرانی2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی راگەیەندراوێکدا خشتەی مووچەی مانگی ئایاری بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە، دوای ئەوەی هەمان رۆژ، بری 419 ملیار و 190 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە.