وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: رێكه‌وتنمان کردووە چیتر ناردنی مووچه‌ دوانه‌كه‌وێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: رێكه‌وتنمان کردووە چیتر ناردنی مووچه‌ دوانه‌كه‌وێت

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: رێكه‌وتنمان کردووە چیتر ناردنی مووچه‌ دوانه‌كه‌وێت

حوزه‌یران 12, 2024 19:59
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: رێكه‌وتنمان کردووە چیتر ناردنی مووچه‌ دوانه‌كه‌وێت
0

لایک

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 5ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی دیكه‌ له‌دوای جه‌ژنی قوربان دابه‌شده‌كرێت و ده‌شڵێت، “رێكه‌وتن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا كراوه‌ چیتر ناردنی مووچه‌ دوانه‌كه‌وێت”.

ئەمڕۆ چوارشەممە (12ـی حوزەیرانی 2024) پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، یەک هەفتە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشوو دەبێت. ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژی یەکشەممە (23ـی حوزەیرانی 2024) دەوامی ئاسایی لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە.

پێشەوا هەورامانی، لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، دەڵێت: لێکتێگەشتنێکی باش لەنێوانیان هەیە، گفتوگۆکان بەردەوامن و بە ئومێدی گەیشتنە ڕێککەوتن، بابەتەکە لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتی فیدراڵە، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕازییە بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوولایان و هەموو ئاسانکارییەکیشیان بۆ دەکات.

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی کەمی ئاو، وتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگارەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت کاریگەری کەم ئاوی لەسەر هاونیشتیمانییان کەم بێت.

لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، هەورامانی روونیکردەوە، رێککەوتن لەنێوان حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ هەیە کە ئیدی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک دوا نەکەوێت، دوای جەژنیش ئەو مووچەی کە نەدراوە بەسەریاندا دابەش دەکرێت.

باسی لەوەشکرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هیچ بیانوویەکی بۆ حکوومەتی فیدراڵ نەهێشتووەتەوە کە بۆ لەمەودوا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە نەنێرێت.

لەبارەی پرۆژەی “هەژماری من”، پێشەوا هەورامانی، دەڵێت: هەندێک مێدیا دژ بە هەنگاوە باشەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن و لەگەڵ ئەوادا نین هەرێمەکە ببێتە خاوەنی سیستەمێکی ئابووری باش و دژایەتییەکی زۆری پرۆژەی “هەژماری من دەکەن”، ئەم مانگە 50 هەزار فەرمانبەر مووچەکانیان لە رێگەی “هەژماری من”ـەوە وەردەگرن و زیاتر لە 100 (ATM) ئامێری پارە راکێشان دانراون.

هاوکات وتیشی: پرۆژەی “هەژماری من” شکستی نەهێناوە و ئیرادەیەکەی بەهێز لە پشتییەتی، مانگی داهاتوو ژمارەی ATM  زیاتر دەبێت و ژمارەی فەرمانبەرانی بەشداربوو لە پرۆژەکە دەبێتە دوو ئەوەندە، هەروەها سەرۆکی حکوومەت پاشەکەشە لە پرۆژەکە ناکات و سوورە لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان پێویستە خاوەنی سیستەمێکی بەهێزی دارایی بێت.

ناوبراو لەبارەی بەشداریی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) لە پڕۆژەی “هەژماری من” ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستە زانیاری 4 هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بۆ بانکەکە نێردراوە، ئەمڕۆش 653 فۆرمی زانیاری فەرمانبەران بۆ بانکەکە نێردرا.

هەورامانی، باسی لە سەرژمێری دانیشتووان کرد و وتی: هەر بابەتێک پێچەوانەی دەستوور و ماددەی 140 بێت، هەورەها پێچەوانەی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بێت، حکوومەتی هەرێم لەگەڵی نابێت.

لەبارەی داهاتی نەوت و نانەوتییەکان، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەنگاوی باشمان بڕیوە، لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوانمان هەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەشی ناردووە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.

En az 10 karakter gerekli