بڕیارێکی نوێ لە بەرژەوەندی وانەبێژانی خوێندنی باڵا دەرچوو

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى فەرمانى بە گرێبەستکردنى مامۆستایانى وانەبێژى ئیمزاکرد، کە ژمارەیان چوار هەزار و 104 وانەبێژى سەر بە دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستییە لە هەرێمى کوردستان. 

بەگوێرەی نوسراوێكی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ژمارە (2367) كە  دوێنی دەرچووە و واژۆی د. ئارام محەمەد قادری وەزیری لەسەرە و تێیدا هاتووە، "بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی كە پێماندراوە بڕیارماندا بە دامەزراندی چوار هەزار و 104 وانەبێژی وەزارەتەكە بەشێوەی گرێبەست، كە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە ناویان لە میلاكی وەزارەتەكەدا هاتووە".

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕیارەی لە ڕۆژی واژۆكردنیەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ناوەكان بە دوو لیست هاوپێچ كراون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەهەماهەنگی دایە لەگەڵ وەزارەتى دارایی بۆ راییکردنى کاروبارەکان و ئەنجامدانى پرۆسەى بایۆمەترى ئەو كەسانەی كە دامەزراون.