وەزیری دەرەوەی تورکیا: یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی تورکیا وعێراق گرنگی مێژوویی هەیە

وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان واژووکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لە بواری هاریکاریی سەربازیی و ئەمنیی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە نێوان تورکیا وعێراق ڕاگەیاند و، بە گرنگی مێژوویی لەقەڵەمیدا.

لە دوای چوارهەمین کۆبوونەوەی باڵای میکانیزمی ئاسایشی تورکیا-عێراق، فیدان و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە بینای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد.

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا و عێراق پێشوەچوونی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە بارەی ئەو ئیرادەیەی سەرکردەکانی هەردوو وڵات خستیانەڕوو، ئاماژەی بەوەیش کرد کە دەبینرێت لە عێراق هۆشیاریی سەبارەت بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە زیادیکردووە.

فیدان باسی لەوە کرد کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری هاریکاریی سەربازیی و ئەمنیی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کە ماوەیەکی زۆرە تورکیا لەگەڵ عێراق دانوستانی لەسەر دەکات، لەلایەن وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵاتەوە واژووکراوە، و ئەوەیش گرنگی مێژوویی هەیە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، ئەوەیشی خستەڕوو کە لەو باوەڕەدایە ئەو ناوەندانەی هەماهەنگیی و مەشق و ڕاهێنانە هاوبەشەی لە ڕێککەوتنەکەدا پێشبینیکراون، هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەننە ئاستێکی باڵاتر، هیواشی خواست ئەو یەکێتی لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ عێراق لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پەرەیپێدراوە، بە هەنگاوی بەرجەستە لە گۆڕەپانەکەدا بەرەوپێش بچێت.

سەبارەت بە واژووکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لە بواری هاریکاریی سەربازیی و ئەمنیی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە نێوان تورکیا وعێراقدا، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند: "لەلایەن بەڕێز وەزیری بەرگریی عێراق و بەڕێز وەزیری بەرگریی تورکیا واژووکرا، وابزانم ئەمە یەکەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە لە مێژووی ئەم دوو وڵاتەدا".

فوئاد حوسێن ئاماژەی بە گرنگیی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە کرد ئەمڕۆ واژووکرا کە یەکەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، هەرچەندە پێشتر کۆنووسی کۆبوونەوە لە نێوان هەردوو ولاتدا هەبوو کە بوارەکانی هاریکاریی هاوبەش و ئەمنیی دەگرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پابەندن بە دەستووری عێراقەوە و، ڕایگەیاند: "هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ کە لە خاکی عێراقەوە سەرچاوە بگرێت پێشێلکردنی دەستووری ئێمەیە و، پێشێلکارییە بەرامبەر بنەماکانی".

هەروەها فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد کە بەو تێگەیشتنە کار دەکەن، ئەوەیش بە واتای پاراستنی سەروەری عێراق دێت، چونکە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، لە هەمان کاتدا هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق.

ڕۆژی یەکشەممە، 11-08-2024، لێژنەى باڵاى ئەمنیى عێراق بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرى دەرەوە و بە ئامادەبوونى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان کۆ بووەوە. بە گوێرەى ڕاگەیەندراوى وەزارەتى دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکانی سەردانی لێژنەکە بۆ تورکیا کراوە.