لە مانگی حوزەیراندا بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئۆپیک 91 هەزار بەرمیل زیادیکردووە
  • TEBA KURDİ
  • جیهان
  • لە مانگی حوزەیراندا بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئۆپیک 91 هەزار بەرمیل زیادیکردووە

لە مانگی حوزەیراندا بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئۆپیک 91 هەزار بەرمیل زیادیکردووە

ته‌مموز 13, 2023 18:42
لە مانگی حوزەیراندا بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئۆپیک 91 هەزار بەرمیل زیادیکردووە
0

لایک

رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک)، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە مانگی حوزەیراندا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی رێکخراوەکە بەراورد بە مانگی ئایار 91 هەزار بەرمیل زیادی کردووە و گەیشتووەتە 28 ملیۆن و 190 هەزار بەرمیل.

بەگوێرەی راپۆرتی مانگانەی بازاڕی نەوتی ئۆپیک، عێراق و ئێران زۆرترین زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەخۆوە بینیوە. بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئێران 56 هەزار بەرمیل زیادی کردووە و گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 754 هەزار بەرمیل، هەروەها بەرهەمی رۆژانەی نەوتی عێراق ٥٤ هەزار بەرمیل زیادی کردووە و گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 181 هەزار بەرمیل.

سعوودیە کە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوته‌ له‌ناو رێکخراوەکەدا لە مانگی حوزەیراندا بەراورد بە مانگی ئایار، خستنە بازاڕی رۆژانەی نەوتی 22 هەزار بەرمیل زیادی کردووە و گەیشتووەتە نۆ ملیۆن و 998 هەزار بەرمیل. لە مانگی حوزەیراندا وێڕای زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی رێکخراوی ئۆپیک، پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی رێکخراوەکە لە سەرتاسەری جیهان بۆ سەدا 27،9 دابەزیوه‌.

مانگی رابردوو بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە جیهان، 600 هەزار بەرمیل زیادی کرد و گەیشتە نزیکەی 101 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل. لەم قۆناغەدا بەرهەمی رۆژانەی وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیک بۆ ٧٣ ملیۆن بەرمیل و بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئۆپیکیش بۆ 28 ملیۆن و 190 هەزار بەرمیل بەرز بووەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە مانگی رابردوو ژمارەی سەکۆکانی هەڵکەندنی نەوت لە جیهاندا 27 سەکۆ زیادی کرد و گەیشتە هەزار و 884 سەکۆ. لە وڵاتانی سەر بە ئۆپیکیش سەکۆیەک داخرا و لە وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیک 28 سەکۆی نوێ کارا کران.

– پێشبینییەکان دەربارەی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت

بەهۆی ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت خواستی چین لەسەر نەوت زیاد بکات، بەگوێرەی راپۆرتی مانگی رابردووی ئۆپیک پێشبینییەکانی تایبەت بە خواست لەسەر نەوت لەمساڵدا، 100 هەزار بەرمیل زیادی کردووە. بەمشێوەیەش خواستی جیهان لەسەر نەوت لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل زیادی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت بگاتە 102 ملیۆن بەرمیل.

لە ساڵی 2024دا پێشبینی دەکرێت خواستی رۆژانەی جیهان لەسەر نەوت، دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل زیاد بکات و بگاتە 104 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل.

En az 10 karakter gerekli