وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم تەواوبوو

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم رایگەیاند، رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت تەواوبووە و لەئێستادا چاوەڕێی وەڵامی تورکیان، بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردووە، دوای رێککەوتنەکەی نێوان ھەولێر و بەغداد لەبارەی دۆسیەی نەوتی کوردستان و تەواوبوونی رێکارەکانی ھەناردەکردنی نەوت، رۆژی (10)ی ئایار بەغداد بە فەرمی داوای لە لایەنی تورکی کرد پڕۆسەی ھەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری کەرکوک- جیھان دەستپێبکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا حکومەتی ھەرێم و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردنی نەوت، چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکەن.

زیاتر لە 45 رۆژ بەسەر راگرتنی ھەناردەی نەوتی هەرێم تێدەپەڕێت کە بەھۆیەوە عێراق مانگانە زیانی نزیکەی ملیارێک دۆلاری بەردەکەوێت، بۆیە لەئێستادا ھەرێم و بەغداد پێداگرن لەسەر زوو دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیھانەوە.