لوکاشێنکۆ: سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە بێلاڕووسیایە

ئالێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرکۆماری بێلاڕووسیا ئاشکرای کرد کە یەڤگێنی پریگۆجین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە بێلاڕووسیایە.

لوکاشێنکۆ دەربارەی یاخیبوونی گرووپی ڤاگنەر لە حکوومەتی مۆسکۆ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەڵێنەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەربارەی چارەنووسی دامەزرێنەری گروپەکە، یەڤگێنی پریگۆجین، بەجێهێندراوە و رایگەیاند: "پریگۆجین ئێستا لە بێلاڕووسیایە. هەروەک بەڵێنم پێدابوو دەتوانێت ماوەیەک لە بێلاڕووسیا بمێنێتەوە و لەم بابەتەدا هاوکاری دەکەین".

دەربارەی ئەوەی وەزیری بەرگریی بێلاڕووسیا، ڤیکتۆر خرێنین چۆن هاوکاری ڤاگنەر دەکات، لوکاشێنکۆ رایگەیاند: "هەروەک خرێنین گوتی، لە سوپای وڵاتەکەماندا پێویستیمان بە یەکەیەکی لەوشێوەیەیە. منیش هەمان بۆچوونم هەیە. ئەگەر فەرماندەکانی ئەوان بێنە پاڵ ئێمە دەبێتە ئەزموونێک چونکە ئەوان گرووپی سەنگەری پێشەوەی جەنگن. ئەوان دەتوانن زانیاری ئەوەمان پێبدەن کە کام چەک چۆن بەکاردەهێندرێت، چۆن هێرش بکەین و خۆمان بپارێزین. ئەم زانیارییانەش زۆر بەنرخن".

لوکاشێنکۆ ئەو زانیارییانەشی بە "ناڕاست" ناوبرد کە باس لەوە دەکەن گرووپی ڤاگنەر لە میانی لووتکەی ناتۆدا کاری گێرەشێوێنانە لە بێلاڕووسیا ئەنجام دەدەن.