لەبارەی رادەستکردنەوەی بارەگای پارتی لە کەرکووک دادگای فیدراڵی بڕیاریدا

دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە. بە گوێرەی نووسراوێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان هەڵوەشێنرایەوە و نووسراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، داواکاری پەرلەمانتارێک سەبارەت بە هەڵوەشاندەوەی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رەتکراوەتەوە و بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەش هەڵوەشایەوە. پێشتر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپاردبوو لە (1ـی ئەیلوولی 2023) بارەگای سەرەکی ئۆپەراسیۆنەهاوبەشەکان لە کەرکووک چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێک رادەستکردنەوەکەی راگرت. رۆژی یەکشەممە (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای بالای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت. سکاڵاکەش لەلایەن وەسفی عاسی، سەرۆکی هۆزی عوبێد، کە لە دایکبووی شاری بەغدایە و ئێستا نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری عەرەبەکانی باشووری کەرکووک دەکات لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە.