میدیا جیهانییەکان لە زاری وەزیری وزەی تورکیاوە بڵاویانکردەوە، بەمزوانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەستپێدەکاتەوە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار،، وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند: کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوت کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی زۆری نەماوە و لەماوەیەکی نزیکدا تەواودەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتەکە ڕاستەوخۆ دەستدەکرێت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە 25ی ئازاری ئەمساڵدا دوای بڕیارێکی ژوری نێوبژیوانی سەر بە دادگای پاریس کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی بۆ تورکیا بە نادەستووری ناوبرد، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی راگرت و دادگاکە داوای یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری وەکو قەرەبوو لە تورکیا کرد کە بیدات بە حکومەتی عێراقی.
هەفتەی رابردوو، وەزیری وزەی تورکیا و وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوەیەکییان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ئەنقەرە ئەنجامدا و جەختییان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کردەوە دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتەکان.