کەمێک پێش ئێستا رێککەوتنی نەوتی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم واژۆکرا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، “رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ هەموو عێراق گرنگە و دەستخۆشی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم بۆ ئەم رێککەوتنە و دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئەم رێککەوتنە گرنگە. هیوادرام ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و ببێتە هۆی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق”.
مەسرور بارزانی وتیشی، “دوای راوەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووە، بەڵکو بە هەموو خەڵکی عێراق گەیشتووە. ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم داهاتی عێراق زیاتر دەکات و هەموومان تێیدا سوودمەند دەبین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “نییەتی ئێمە رێککەوتن بووە. بە هەوڵی بەرێز سوودانی ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە دەستپێکی هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا”.
بەگوێرەی رێکەوتنەکەی هەولێر(ئەربیل) و بەغداد، لەمەودوا نەوتی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە دەفرۆشرێت و کڕیارەکانی نەوتیش، راستەوخۆ هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ دروست دەکەن. بەپێی رێککەوتنەکە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە کورد دەدرێت.