بۆ یەکەمجار وەزیری دەرەوەی سووریا بەشداریی لووتکەی ئەورووپا دەکات

لە بروکسل لووتکەیەکی تایبەتە بە کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ سووریا بەڕێوە دەچێت، هاوکات ئەمەش دەبێتە یەکەمجار نوێنەرێکی سووریا بەشداریی لووتکەیەکی یەکێتیی ئەرووپادا بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە 17ـی ئەم مانگە بەشداریی لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل بکات.

ڕۆیتەرز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی سووری ڕایگەیاندووە، پێشبینی ناکرێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای نوێ بەشداری لە لووتکەکەدا بکات.

ئەو لووتکەی تایبەتە بە کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، کە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا ڕێکخراوە.

هاوکات بۆ یەکەم جارە نوێنەرێکی حکوومەتی سووریا بەشداریی لووتکەیەکی یەکێتیی ئەرووپادا بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە مانگی ڕابردوو یەکێتیی ئەورووپا بۆ هاوکاریی لە بنیادنانەوی سووریا سزاکانی سەر ئەو وڵاتەی لە کەرتی وزە و گواستنەوە و بانکی سووک کرد.