لە هەولێر ئامادەکاریى بۆ وەرزى بارانبارین و زستانى ئەمساڵ دەكرێت


پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكانى ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێکى نەخوازراو لە وەرزى بارانبارین و زستانى ئەمساڵ، هەروەها دەشڵێت، "هەموو كارەكانی حكومەت بەرزدەنرخێن كە لە ماوەكانی ڕابردوودا ئەنجامدا بۆ ڕێگریكردن لە دروستبوونی لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکان".

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی كردووە بەمەبەستی ئامادەکاریى بۆ وەرزى بارانبارین و زستانى ئەمساڵ و دواى هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانى ساڵانى ڕابردوو، پارێزگارى هەولێر دەستخۆشی لە تیمەکان كرد.

ئەوەشیخستەڕوو، فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەردەوامبن لە پاککردنەوەى چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی گەڕەکانى شار و پاککردنەوەى کەند و رێڕەوەکانى ئاوى سروشتى باران.