ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە

بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ  27ـی ئۆکتۆبەری 2024، پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر سێ تەوەری هەستیار و گرنگ کۆ ببێتەوە.

تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش بریتین لە: دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتیی کە ئەمە داواکاریی سووننەکانە. هەروەها دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هەمواریی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959، ئەمەش داواکاریی زۆرینەی شیعەکانە.

یەکێکی دیکە لەو پرۆژە یاسایانەی ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات؛ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و گەڕانەوەی موڵکە داگیرکراوەکانە بۆ خاوەنەکانیان، کە ئەمەش داواکاریی کوردە.

لای خۆیەوە، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، ئەگەر ئەمڕۆ دەنگ لەسەر  یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بدرێت، ئەوە ئەو زەویانەی ماوەی زیاتر لە 50ساڵە دەستی بەسەردا گیراوە بۆ جووتیارانی کورد دەگەڕێنرێنەوە. 

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر 1:00ـی دوانیوەڕۆ دەست پێ دەکات