محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە سەردانێکی فەرمی و بۆ ماوەی دوو رۆژ، بەغدادی پایتەختی بەجێهێشت و بەرەو تورکیا بەڕێکەوت.
غەریب عەسکەر، بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی فەرمی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی بۆ تورکیا بەڕێکەوت کە سەردانەکە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی سوودانی بۆ تورکیا، تاوتوێکردنی دۆسیە گرنگەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا و لەنێویشیاندا دۆسیەی ئاوە.
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی سەردانەکەی سوودانی بۆ تورکیا، فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاریی دولایەنەی بنیاتنەری نێوان هەردوو وڵاتی دۆستە بۆئەوەی بوارە جیاوازەکان بگرێتەوە بەمەبەستی گەیشتن بە خواستەکانی هەردوو گەلی دراوسێ بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.