وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەبارەی داخستنی رێگای هەولێر-سلێمانی روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، گۆڕینی ئاراستەی ھاتووچۆی بارھەڵگرەکان بەهۆی گرتنی رێگاکان لەلایەن بەشێک لە هاووڵاتییانەوە، پەیوەندی بە وەزارەتەکەیانەوە نییە و بەڵکو پەیوەستە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "لەئێستادا رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر و سلێمانی، جگە لە رێگای کەرکوک پێکھاتووە لە رێگاکانی (رێگای هەولێر-کۆیە-دوکان، رێگای هەولێر-سماقوڵی-دوکان، رێگای هیران-شەقڵاوە و رێگای دۆڵی بالیسان) کە ھەر چوار رێگاکە لاوەکین و رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر بۆ سلێمانین".

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن روونیکردووەتەوە، رۆژانە نزیکەی 15 هەزار بە هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل لەنێوان ئەو دوو شارە هاتووچۆ دەکەن، کە سێ هەزاریان بریتین لە تانکەر و بارهەڵگر کە بە رێگای سماقوڵی گوزەر دەکەن.

لەبارەی نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژی بەوەکردووە، لەسەرەتای کابینەی نۆیەم لە ساڵی 2019 بە بڕی نزیکەی 42 ملیار دینار، زۆربەی رێگاکانی هەرێمی کوردستان چاککرانەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپەوە گۆڕان بۆ رێگایەک کە لە خزمەت هاووڵاتییانی کوردستان بێت، دواترش بەردەوام بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستدا بووە چاککردنەوە لە رێگاکان بەردەوام بووە.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، "چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتووچۆ لەنێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای هەولێر کۆیەیە (بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە) کە لە ساڵانی ڕابردوو وەک وەزارەت هەوڵی زۆرمان داوە و چەندین جار داوامانکردوە کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی 2023 وەک وەزارەت داوای بودجەی پێویستمانکردووە بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی".

هەروەها وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جەخت دەکاتەوەم کە تیمەکانیان دەخەنە خزمەتی هاووڵاتییان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگا لاوەکییەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستیاندایە.