حەماس ئاگربه‌ست رەتدەکاتەوە

حەماس ئاگربه‌ست رەتدەکاتەوە

ئاب 14, 2024 13:43
حەماس ئاگربه‌ست رەتدەکاتەوە
0

لایک


نوێنەری حەماس لە لوبنان رایگەیاند، بزوتنەوەکە بەشداری ئەو دانوستانانە ناکات کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت، ده‌شڵێت، “ئێمە دژی چەمکی دانوستان نین، لە خولەکانی پێشوودا نەرم و نیان بووین، بەڵام نه‌ته‌نیاهۆ و حکومەتەکەی ئەو پێشنیازەیان رەتکردەوە و مەرجی نوێیان دانا”.

ئەحمەد عەبدول هادی، نوێنەری حەماس لە لوبنان به‌ سی بی ئێس نیوز-ی راگەیاندووە، بزوتنەوەکە گەرەنتی وەرنەگرتووە کە ئیسرائیل پابەند بێت بە دانوستان لەسەر بنەمای پێشنیارێکی پێشو کە لەسەر بنەمای دیدگای جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هاته‌ ئاراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ئێمە دژی چەمکی دانوستان نین، لە خولەکانی پێشوودا نەرم و نیان بووین، بەڵام بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و حکومەتەکەی ئەو پێشنیازەیان رەتکردەوە و مەرجی نوێیان دانا و ئیسماعیل هه‌نییە رێبەری بزوتنەوەکەیان لە تاران تیرۆرکرد، بۆیە بەشداری ناکەین لە دانوستانەکانی 15ی ئاب و دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی دەستپێک”.

نوێنەری حەماس لە لوبنان باسی له‌وه‌شكرد، دوای دانوستانەکانی رۆژی پێنجشەممە لە قەتەر ئامادەیە چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبژیوانان بکات، ئەگەر ئیسرائیل “وەڵامێکی جددی” بداته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی وت، “ئێمە جدیین لە گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر گەلەکەمان راگرتنی ئەو کۆمەڵکوژی و شەڕی برسێتییە کە داگیرکەر دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات”.

دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، ناوبژیوانان پەیامێکیان بە ئیسرائیل گەیاندووە و رایانگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت حەماس بەشداری لەو دانوستانانەدا بکات کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت.

ئه‌وه‌شی خستبووه‌ڕوو، “ئێران بیر لە ناردنی شاندی خۆی دەکاتەوە بۆ چاودێریکردنی دانوستانەکانی غەززە، ئەگەر تاران ئەو کارە بکات و ناوبژیوانەکان قبوڵیان کرد، ئیسرائیل بەشداری ناکات”.

En az 10 karakter gerekli