عێراق و ئێران 14 یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد

بە چاودێریی محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق و مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمارى ئێران، شاندى باڵاى هەردوو وڵات کۆبوونەوە و ئەو 14 یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنەى لە نێوان هەردوولا ئامادەکرابوو، واژۆکران.

نووسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى کارەکانى لیژنەى هاوبەشى نێوان هەردوو وڵات کرا کە بڕیارە کۆبوونەوەى داهاتووى لە بەغداد بێت.

ئاماژەى بەوەشداوە، تاوتوێى هەماهەنگی و رێککەوتنى ئەمنى هاوبەش و هەماهەنگییەکان لە بوارى پیشەسازى پاڵاوتن و وزە و کەرتى تایبەت لە نێوان هەردوو وڵات تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بووە.

سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، پێگەى جوگرافى هەردوو وڵات وایکردووە ببنە رایەڵێکى زۆر گرنگى بەستنەوەى لۆجستى بۆ گواستنەوە، هەروەها رژدبوونى حکومەتەکەى دووپاتکردەوە بۆ تەواوکردنى یاداشتنامەکان و جێبەجێکردنیان.

لاى خۆشییەوە، سەرۆککۆمارى ئێران، ئاماژەیدا بە قوڵى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات و کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە، خواستى وڵاتەکەشى بۆ کارکردنى هاوبەش و پەرەپێدانى هاوبەشە ئابوورییەکان دووپاتکردەوە.

دواى کۆبوونەوەکەش بە چاودێریی سودانى و پزیشکیان 14 یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزیرانى پەیوەندیدارى هەردوو وڵات واژۆکران.