وەزیری بازرگانی توركیا سەردانی عێراق دەكات

وەزیری بازرگانی توركیا سەردانی عێراق دەكات

تشرینی دووه‌م 17, 2024 18:49
وەزیری بازرگانی توركیا سەردانی عێراق دەكات
0

لایک

بڕیارە سبەی عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانی تورکیا بە یاوەری شاندێكی بازرگانی توركیا سەردانی عێراق بكات لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان “سەردانی هەریەکە لە بەغدادی پایتەخت و هەروەها پارێزگای بەسڕە دەکات و بەشداری لە چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکدا دەکات”.

میدیاكانی توركیا ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویانكردەوە، عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانی تورکیا بە یاوەری شاندێک لە کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورکیا (TİM) و یەکێتی بەڵێندەرانی تورکیا (TMB) بە سەردانێکی دوو ڕۆژە دەگاتە عێراق و پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا لەگەڵ یەکێک لە گرنگترین دراوسێکانی کە عێراقە، لە ماوەی ڕابردودا بەهێزتر بووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، شاندەكەی توركیا لە ڕۆژانی 18 و 19ی مانگ سەردانی هەریەکە لە بەغدای پایتەخت و هەروەها سەردانی پارێزگای بەسڕە دەکات و بەشداری لە چەند دیدار و کۆبونەوەیەکدا دەکات کە بە دەستپێشخەری کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورکیا (TİM) و یەکێتیی بەڵێندەرانی تورکیا (TMB) ڕێکخراوە.

لە سەردانەکەیدا بڕیارە هەناردەکاران و بەڵێندەرانی تورکیا لەگەڵ خاوەنکارە عێراقییەکان کۆببنەوە و لە چوارچێوەی کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا پەرەدان بە کاری هاوبەش تاوتوێ بکەن.

بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، وەزیری بازرگانی تورکیا لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا هەوڵدەدات کە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە بواری بازرگانیدا بەهێز بکات و پەرە بە ڕۆڵی کۆمپانیا تورکەکان لە عێراق بدات.

ئەوەشی خستەڕو، “وەزیری بازرگانی تورکیا لایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و، ئەسیر غرێری وەزیری بازرگانی و ڕەزاق محێبس سەعداوی وەزیری گواستنەوە پێشوازی لێ دەکرێت، هەروەها لەگەڵ ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە  کۆدەبێتەوە.

لە میانی سەردانەکەی بۆلات بۆ عێراق کە بە بەشداری بەرفراوانی خاوەنکار و بازرگانانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، ڕەهەندەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و لە نێوان دوو وڵات گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بەڵێندەرانی تورکیاش بەشداری کارا دەبن لە بونیادنانەوەی ژێرخانی عێراق و لەسەرووی هەموویانەوە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کە بەندەری بەسڕە بە ڕێگەی تورکیا بە ئەورووپا دەبەستێتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە هەتا تشرینی دووەم بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 5,3% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 10 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار، ئاستی قەبارەی بازرگانیش بە گشتی 14 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە.

بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، بەڵێندەرانی تورکیا بە قەبارەی 34 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار، جێبەجێکردنی هەزار و 111 پڕۆژەیان لە سەرانسەری عێراق لە ئەستۆ گرتوە.


En az 10 karakter gerekli