سبەی سەرۆکی نوێ پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت

سبەینێ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان کۆ دەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە کارنامەی کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق بڵاو کرایەوە، لە کارنامەکەدا هاتووە "سبەینێ پەرلەمان بۆ دەنگدان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ دەبێتەوە."

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی 14ـی 11ـی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.

دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوە دەبات تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.

سوننەکان تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەیان کردووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی حەلبووسی.

بەگوێرەی زانیاریی مێدیا عێراقییەکان "محەممەد حەلبووسی بەتۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە." 

محەممەد حەلبووسی، لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە؛ هاوکات سەرۆکی حیزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی بە پارێزگار هەڵبژارد.