ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامی سەردانەکەی شاندی حکومەت بۆ بەغدا تاوتوێ دەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات و بەگوێرەی خشتەی كاری كۆبوونەوەكەش، گفتوگۆ لەبارەی دو بابەتەوە دەكرێت یەكەمیان ئەنجامی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد دەبێت. فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆ دەبێتەوە.   لە تەوەرەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانەكەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد تایبەت بە گەڵالەكردنی پرۆژە یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەخرێتەڕوو.   لە تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكەدا رەشنووسی پەیڕەوی (سندوقی چاودێری و شیاندنی كەسانی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان) لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2011، دەخرێتەڕوو.