پێنتاگۆن دەربارەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکانی دهۆک زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێلیکۆپتەرانەوە هەبێت کە هەفتەی رابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆک کەوتنەخوارەوە.

پاتریك ریدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک سەبارەت بە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکان رایگەیاند: هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی سەربەخۆن و سوپای ئەمریکا بۆ شەڕكردن لە دژی داعش هاریکارییان دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەیوەندییان بە رووداوی هێلیکۆپتەرەکەوە نییە و زانیاریشمان لەسەری نەبووە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو 15ی ئادار، لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک پاشماوەی هێلیکۆپتەرێکی تێکشکاو دۆزرایەوە. دوو رۆژ دواتر هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەئەنجامی تێکشکانی دوو هێلیکۆپتەریان و نۆ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.