تورکیا لەبارەی راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، تانژو بیلگیچ: ''لە سێی نیسانەوە، کایەی ئاسمانیی تورکیا بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی-عێراق بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن''.

تانژو بیلگیچ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داخستنی کایەی ئاسمانیی تورکیا بە رووی گەشتەکانی سلێمانی-دا، رایگەیاند، ''بەهۆی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە سلێمانی و دزەکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ ناو فڕۆکەخانەکە و بوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی گەشتەکان، ئەو بڕیارە دراوە''.

وتیشی: ''لە سێی نیسانەوە، کایەی ئاسمانیی تورکیا بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی-عێراق بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن''.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە لە قۆناغی یەکەمدا بڕیارەکە هەتا سێی تەمووزی 2023 کاری پێدەکرێت، هەتا ئەو بەروارە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین و لەژێر رۆشنایی ئەوانەدا چاوی پێدا دەخشێنینەوە.