سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا: 100%ـی سندووقەکانی دەنگدان کراونەتەوە

سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دوایین زانیاری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 100٪ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە و لە داتای گشتیدا تۆمارکراون

ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئایاری 2023 رایگەیاند، "ژمارەی سندووقەکان لە نێوخۆی تورکیا 192 هەزار و 214 سندووقن. le کاژێر 15:15 خولەک 100٪ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە". 

ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوە دا لە ناوخۆی تورکیا رێژەی بەشداری کردن 88.92٪، لە دەرەوەی وڵات 52.69٪ بووە.

ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی ئەم ئەنجامانە؛ لە کاژێر 15:15 رێژەی دەنگی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 49.51٪ـە و رێژەی دەنگی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.88٪ ـە؛ هەروەها سینان ئۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا 5.17٪ و موحەڕەم ئینجەی بەربژێری پارتی مەملەکەت کە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان کشایەوە 0.44٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. 

یەنەر هەر ئەمڕۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دۆخی پارتە سیاسییەکان رایگەیاند، "ئەو پارتە سیاسییانەی تائێستا بەندی 7٪ـی هەڵبژاردنیان تێپەڕکردووە لە هاوپەیمانیی جمهوور بریتین لە ئاکپارتی، مەهەپە، سەرلەنوێ رەفاهـ و پارتی یەکێتی گەورە"؛ لە هاوپەیمانی میلـلەت بریتین لە جەهەپە و ئیی پارتی؛ لە هاوپەیمانیی رەنج و ئازادیش بریتین لە پارتی چەپی سەوز-یەسەپە، پارتی چەپ و پارتی کرێکارانی تورکیا". 

سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا باسی لەوەشکرد، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان چاودێریی پرۆسەکە دەکەن. هەروەها زانیاریی نوێکراوەی بەردەوامیشیان پێ دەدرێت.