سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوەی لە سووریا ڕوویدا پەیوەندی بە عێراقەوە نییە و جەختیشی لەوە کردەوە کە “هیچ گۆڕانکاریەک لە سیستمی سیاسی عێراق ڕوونادات”.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکیدا لە ساڵیادی “ڕۆژی شەهیدی عێراق” پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند: چەند کەس و لایەنێک دەیانەوێت ئەو گۆڕانکاریانەی لە سیستمی حوکمی سووریا ڕوویاندا بەعێراقەوە بیبەستنەوە، ئەمەش دوورە لە تێگەیشتنی سیاسی.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق سیستمێکی دیموکراسی فرەیی هەیە کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت، گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتیش لەڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە مسۆگەرە، هاوکات دەستووریش چارەسەری بۆ زۆربەی کێشە و گرفتەکان لە وڵاتدا داناوە.
هاوکات ڕێوڕەسمی “ڕۆژی شەهیدی عێراق” لە یەکەم ڕۆژی “ڕەجەب” بەڕێوەدەچێت کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی کردەوەیەکی تیرۆریستی کە محەممەد باقر حەکیم، سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام کرایە ئامانج.