وادەی پەسەندکردنی بودجەی گشتی عێراق ئاشکرادەکرێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وادەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2023ی ئاشکراکرد و راشیگەیاند، گۆڕانکاری لە بەشێک لە داتا و ژمارەکانی ناو پرۆژەیاسای بودجە دەکرێت.

موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی دەستی بە کۆبوونەوەی بەردەوام کردووە بۆ تاوتوێکردن و ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی سێیەم، لەو چوارچێوەیەشدا میوانداری وەزارەتی پلاندانانی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان لە بودجەدا لە پێشینەی کارەکانی پەرلەمانە، بەو پێیەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ وەبەرهێنان لە بودجەدا تەرخانکراوە دەگاتە 49 ترلیۆن دینار".

لەبارەی وادەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە، موعین کازمی رایگەیاندوە، "هاوکاریی و هەماهەنگیەکی زۆر هەیە بۆ تێپەڕاندنی بودجە، بۆیە پەرلەمان لە ماوەی مانگی داهاتوودا پرۆژەیاسای بودجەی 2023 پەسەند دەکات و دەخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە".