سبەی 16 هەزار خوازیاری خوێندنی باڵا تاقیکردنەوە ئەنجامدەدەن
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سبەی 16 هەزار خوازیاری خوێندنی باڵا تاقیکردنەوە ئەنجامدەدەن

سبەی 16 هەزار خوازیاری خوێندنی باڵا تاقیکردنەوە ئەنجامدەدەن

سبەی دووشەممە، بە بەشداری نزیکەی 16 خوازیاری خوێندنی باڵا، تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا، دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم ئەنجامدەدرێت.

حوزه‌یران 11, 2023 22:32
سبەی 16 هەزار خوازیاری خوێندنی باڵا تاقیکردنەوە ئەنجامدەدەن
0

لایک

پرۆسەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان سبەی دوشەممە کاتژمێر 11:00ی بەیانی لەسەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێم بەڕێوەدەچێت.

ئاماری پێشکەشکاران بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) بریتیە لە 15 هەزار و 728 پێشکەشکار، بەشێوەیەک بۆ خوێندنی ماستەر 11 هەزار و 372 پێشکەشکار و بۆ دکتۆرا دوو هەزار و 692 پێشکەشکار و بۆ دبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی 177 پێشکەشکار و بۆ دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی هەزار و 477 پێشکەشکار بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن.

ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، “پرۆسەی خوێندنی باڵا/ دکتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵا، یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین پرۆژەی تواناسازی نیشتمانی لە مێژووی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کوردستان”.

ئارام محەمەد قادر، دڵنیایش دەدات “هەر کەسێک لە هەر ئاستێک کەمتەرخەمی یان دەستتێوەردانی ناڕەوا لە پرۆسەکە بکات رووبەڕووی سزای کارگێری و یاسایی دەکەینەوە، داواش لە مامۆستایان و چاودێرانی هۆڵەکان و لێژنەی تاقیکردنەوەکان دەکەین شڵگێرانە چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بکەن، بۆ ئەوەی پێشکەشکاران لە کەشێکی ئارام و هێمندا دوور لە شڵەژان و دڵەڕاوکێ وەڵامەکانیان بدەنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “بە هەماهەنگی زانکۆکان بۆ ئەمساڵی خوێندنی (2023-2024) گشت ڕێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی سێکوچکەی (شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری) لە پرۆسەی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان رەنگبداتەوە و مافی هیچ پێشکەشکارێک نەفەوتێت بەشێوەیەک پڕۆسەکە دوربێت لە هەموو دەستێوەردانێک و پرۆفایلی ئەکادیمی پێشکەشکاران و ئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی یەکلاییکەرەوەی پێوەرەی سیستمی خاڵبەندی بێت بۆ ریزبەندکردن”.

دەشڵێت، “ڕێگە بە بردنە ژوورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تەکنەلۆژیا بۆ نێو هۆڵی تاقیکردنەوە نادرێت وەکو (مۆبایل و سەعاتی زیرەک و ..هتد)، پێویستیشە پەڕاوی تاقیکردنەوەکان ئامادە بێت بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکی پێویست لیژنەی تایبەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ بکات بە مەبەستی وردبینی و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی گشت رێنماییەکانی پەیوەندیدار، تەنانەت لە پێناو نەبوونی جیاوازی لە کاتی وەڵامدانەوە لەسەر پەراوی تاقیکردنەوەی پێشکەشکاران و نەبوونی گومان بۆ ناسینەوەی پەراوی تاقیکردنەوە، لە لایەن زانکۆکانەوە یەک جۆر قەڵەم بۆ وەڵامدانەوە بۆ پێشکەشکاران دەستەبەر کراوە”.

وەزیری خوێندنی باڵا روونیشی کردەوە، “دوای تەواوبوونی پرۆسەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی، پڕۆسەی سیستمی خاڵبەندی و ڕێکخستنی پێشبرکێ لە نێوان پێشکەشکاران لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت لە زانکۆکان ئەنجام دەدرێت و دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پەسەند دەکرێت و لەگەڵ داتای سەرجەم پیشکەشکاراندا ڕادەگەیەنرێت ئەمەش لە پێناو هەبوونی بنەمای شەفافیەت لە پرۆسەی پێشبرکێ، پاشان دەرگای سکاڵاو تانەگرتن دەکرێتەوە و هەموو سکاڵاکان بەهەند وەردەگیرێن و لەلایەن لیژنەی تایبەت لە زانکۆکان وردبینی دیراسەت دەکرێن بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی”.

En az 10 karakter gerekli