عێراق: بە توندترین شێوە ئەم دەستدرێژییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئیدانە دەکەین

ئیسرائیل درێژە بە سیاسەتی شەڕەنگێزانە و فراوانکردنی ململانێی ناوچەکە و شێوازی هێرشی ئاشکرای خۆی دەدات، ئەمجارەش دەستدرێژیی کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەمرۆ شەممە، 26-10-2024، باسم عەوادی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "عێراق پێشتر هۆشداری دابوو سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی دەرئەنجامی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی دڕندانەی ئیسرائیل بەرامبەر گەلەکەمان لە فەڵەستین و هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و سووریا و ئێران."

باسم عەوادی وتیشی: "عێراق بە توندترین شێوە ئەم دەستدرێژییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئیدانە دەکات، هاودەنگی و وەستانی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات دەکاتەوە. هەروەها داوای ئاگربەست لە غەززە و لوبنان دەکات. پشتیوانیی هەنگاوی هەمەلایەنەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا دەکەین."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.