سوودانی: گۆڕانکاریی لە وەزارەتەکان ئەنجام دەدەین

محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وتی: قۆناغەکە پێویستی بە گۆڕانکارییە، بۆیە گۆڕانکاریی لە وەزارەتەکان ئەنجام دەدەین. ئەم کارە بە واتای هەڵوەستە کردن بەرانبەر لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت نایەت.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند:"لە سەروبەندیی گۆرانکارییەکی وەزاریی داین، گۆڕانکارییەکە پشت بە هەڵسەنگاندن و کار دەبەستێت، ئەم پلانە بەشێکە لە کارنامەی کارکردنی حکوومەت و ئامانجەکانمان.

سوودانی وتیشی: ئەم حکومەتە حکومەتی هاوپەیمانییە و  هێزە سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیداری دەوڵەتی تێیدا بەشداربوون و لەسەر کارنامەکەی رێککەوتن، بۆیە گۆڕانکاریی سیاسیی هەڵوەستە نییە بەرانبەر فراکسیۆن و پارتێکی دیاریکراو، وەکو چۆن هەڵوەستەش نییە بەرانبەر ئەو کەسانەی کارمان لەگەڵیاندا کردووە، بەڵکو ویستی گەیشتنە بە ئەدایەکی باشتر بۆ بەجێگەیاندنی ویستی قۆناغەکە و چاوەڕوانیی هاووڵاتییان".