حکومەتی هەرێم: هەرکەسێک ڕێگری لە کارمەندانی هەژماری من بکات سزا دەدرێت

دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان-عێراق داوا لە داواكاری گشتی، وەزارتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەكات، "هەر بەڕێوەبەری بانک و بەرپرسێكی دیكە، یان هەر كارمەند و ئەفسەرێك كە ڕێگری لە كارمەندانی هەژماری من دەكات، ڕیكاری یاسایی بەرامبەریان بگرنەبەر و سزا بدرێن".

بەگوێرەی نووسراوێكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (5171) و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە و دوێنی 27ـی مانگ دەرچووە، كە تێیدا هاتووە، "پشتبەست بە پەسندکردنی ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەیەکی گشتگیر و بەردەوامە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیران".

 ئاماژەی بەوەشكردووە، "وەزارەتی دارایی و ئابووری تاکە لایەنی تایبەتمەندە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیاریکردنی شێوازی دابەشکردنی مووچە، کاری پێویست ئەنجام بدات بە وەرگرتنی رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر بە بەڕێوەبەری ئەو بانکانەی رێگری دەکەن لە کارمەندانی (هەژماری من) بۆ راییکردنی کارەکانیان، یان هەر بەرپرسێکی دیکەی حکومی، پشتبەست بە هەردوو مادەکانی 4 و 5 لە یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەری دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 14ی ساڵی 1991".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "وەزارەتی ناوخۆ رێکاری پێویست ئەنجام بدات بەپێی حوکمەکانی یاسای سزاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 14ی ساڵی 2008 بە لێپرسینەوە و سزادانی ئەفسەران و کارمەندانی پۆلیس کە رێگری دەکەن لە کارمەندانی (هەژماری من) بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان".

ئەوەشی خستەڕوو، "وەزارەتی داد/سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، رێکاری پێویست ئەنجام بدات بەپێی حوکمەکانی یاسای داواکاری گشتیی ژمارە 159ی ساڵی 1975ی هەموارکراو و پشتبەست بە هەردو مادەی 231 و 240 لە یاسای سزاکان، ژمارە 111ی ساڵی 1969 بە جوڵاندنی داوای سزایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی رێگری لە کارمەندانی (هەژماری من) دەکەن بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییان لەلایەن حکومەتەوە".