نمرەی دەرچووانی پۆلی 12 رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا كرا

وەزارەتی پەروەردە نمرەى دەرچووانی ئامادەیى بە سەرجەم بەشەکانیەوە رادەستى وەزارەتی خوێندنى باڵا کرد.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەریەك لە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە و ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لەمیانەیدا نمرەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بەهەر سێ بەشى زانستى، وێژەیى و پیشەیى کە ژمارەیان 47 هەزار و 629 دەرچووە رادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا كرا بەمەبەستى کارکردن لەسەریان لە چێوەى سیستمى زانکۆلاین بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان.

وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، ئامادەکارییەکان دەستپێدەکرێن بۆ ئەوەى لە زووترین کاتدا یوزەر و پاسۆرد بۆ دەرچووان دروستبکرێن و ئاراستەى وەزارەتى پەروەردە بکرێنەوە، جەختیشی کردەوە کە سیستمى زانکۆلاین لە نزیکترین کاتدا کارادەکرێت.

هەماهەنگى کارى هەردوو وەزارەت بەشێکى دیکەى تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە بوون بەتایبەت بەشدارى مامۆستایان لە پڕۆژەى پێداگۆجى و کردنەوەى خولى ڕاهێنان بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و کردنەوەى پەیمانگەى پیشەیی و کارکردن بۆ خوێندنى پیشەیى بەپێى پێویستى بازاڕى کارى هەرێمى کوردستان.