راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەی حەمدانییە دواخرا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەبێ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر هۆکارەکەی بدات، راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەی حەمدانیەی بۆ سبەی یەکشەممە دواخست، لە کاتێکدا بڕیاربوو ئەمڕۆ تەواوی وردەکارییەکان لەسەر رووداوەکە ئاشکرا بکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئاشکراکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییەیان بۆ سبەی یەکشەممە دوادەخەن.
وەزارەتی ناوخۆ هیچ روونکردنەوەیەکی نەدا لە بارەی هۆکاری دواخستنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، ئەوەش لە کاتێکدایە، لە شەوی 26ی مانگی (ئەیلول/9) ئاگر لە ئاهەنگێکی گەورەی هاوسەرگیری لە ناوچەی حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە و بەپێی دووایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەوە 104 کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون.