دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی هات

پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان بەژدار بوون، کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کۆتایی هات و دەستدەکرێت بە جیاکردنەوەی دەنگەکان.

کاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەرانی تایبەتدا کرانەوە و  یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 دەنگدەر لە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و هەروەها 48 هەزار و 260 ئاوارە  لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانیان هەبوو.

هاوکات جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، 24 کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی گشتی، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن بڵاودەکرێتەوە.

شایەنی باسە پێنج هەزار و 904 بەربژێر، پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی 285 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە 75 کورسی لەو ژمارەیە تایبەتە بە ئافرەتان و 10 کورسیش بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە.

هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 18ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.