ئەمشەو کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای هەولێر- کەرکووک دەکەوێتە کار

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای هەولێر-کەرکووک دەکەونە کار و دوای پێنج رۆژ لە کارکردنییان بەشێوەی تاقیکاری لە رێکەوتی 28ـی ئەم مانگە دەست دەکەن بە تۆمارکردنی سەرپێچییەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئاگاداری شۆفێران دەکەنەوە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای هەولێر-کەرکووک بە شێوەیەکی تاقیکاری بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەکەونە کار.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە دوای کارپێکردنی بەشێوەی تاقیکردنەوە، لە رۆژی 28ـی ئەم مانگە لە تاقیکردنەوە دەردەچن و سەرپێچییەکانی تیژڕەوی تۆمار دەکەن.
ئەوەش خراوەتە روو، خێرایی رێگە پێدراو لەسەر رێگای هەولێر-کەرکوک لە رێگەی هێماکانی هاتووچۆوە بۆ شۆفێران دیاری کراوە.