باڵیۆزخانەى ئەمریکا بۆ هاوڵاتییانى وڵاتەکەی: سەردانى عێراق مەکەن

باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد، هۆشداریى دەداتە هاوڵاتییانى وڵاتەکەى لە سەردانیکردنى عێراق و داوایانلێدەکات، بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڕەشە و مەترسییانە بکەن کە لەسەر کۆمپانیا و دامەزراوەکانى سەر بە ئەمریکا هەن. باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، چاودێریى راپۆرتەکانى پەیوەست بە هێرش و هەڕەشەکانى سەر کۆمپانیا و دامەزراوەکانى سەر بە وڵاتەکەیان دەکات و پێویستە هاوڵاتییانیان سەبارەت بە ئەگەرى هێرش و مەترسییەکان بەئاگابن. باڵیۆزخانەى ئەمریکا، داواشى لە هاوڵاتییانى وڵاتەکەى کردووە، بۆ وەرگرتنى زانیاریی، چاودێریی میدیای ناوخۆیی بکەن و بەهۆشیارییەوە نزیک بکەونەوە لەو کۆمپانیا و دامەزراوانەى کە براندەکانیان ئەمریکییە. باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە راگەیەندراوەکەیدا باسى لەوەشکردووە، هۆشداریى وەزارەتى دەرەوە بۆ سەردانیکردنى عێراق لە ئاستى چواردا دەمێنێتەوە، بەهۆى تیرۆر و ململانێى چەکداریی و ئاڵۆزییەکان و سنووردارى تواناى نێردەى عێراق لە هەڵسەنگاندنى هاوکاریی بۆ هاوڵاتییانى ئەمریکا. لە ماوەى رابردوودا، بە پاساوى پشتیوانییەکانى ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕى غەززە، ژمارەیەک خواردنگەو چێشتخانەى برادەکانى ئەمریکا لە بەغداد کەوتنە بەر هێرش و پەلامارى چەکدارى. لە کاردانەوەى هێرشەکانیشدا، ئەمریکا حەشدى شەعبى تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانى هێرشکان.