عێراق داوای لە سوید کرد ئەو کەسەی کە قورئانی پیرۆزی سووتاندووە رادەستی بکاتەوە

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، داوا لە حکوومەتی سوید دەکەن ئەو عێراقییەی کە قورئانی پیرۆز سووتاندووە رادەستیان بکاتەوە.

ئەحمەد سەحاف لە رایگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کەسەی کە لە سوید سووکایەتی بە قورئان پیرۆز کردووە، بەرەچەڵەک عێراقییە و رایگەیاندووە " داوا لە حکوومەتی سوید دەکەین ئەو کەسە رادەستی حکوومەتی عێراق بکاتەوە، بۆ ئەوەی بەپێی یاسای عێراقی دادگایی بکرێت".

لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا کەسێکی بە رەگەز عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا، لە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم پایتەختی سوید، لە ژێر پاسەوانی پۆلیسدا قورئانی پیرۆزی سووتاند کە ئەو کارەیش کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە و لەسەر ئاستی عێراق و جیھان، بەتوندی سەرکۆنە کرا.