قەڵای هەولێر کە دەکەوێتە ناوەندی شاری هەولێر، مێژووی بۆ 6 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەرێتەوە و بە درێژایی مێژوو بووەتە ناوەندی رۆشەنبیری و بازرگانی و نیشتەجێبوونی شارستانییەتی جیاواز.
بۆ پاراستنی ژینگەکەی و نەهێشتنی هەر ئەگەرێکی رووخان و داڕمانی قەڵای هەولێر کە لە نێو لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆیە، ماوەی 10ساڵە کاری نۆژەنکردنەوەی جیا جیای لێ ئەنجام دەدرێت.
هەر لە چوارچێوەی نۆژەنکردنەوەکانی قەڵای هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنەوارە دێرینە 200 ملیۆن دیناری دیکە تەرخان کراوە کە ئامانج لێی دروستکردنی کافێ و خواردنگەیە بۆ ئەوەی گەشتیارێکی زیاتر روو لەم شوێنە بکەن.
پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە “لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر رەزامەندی درا بە خەرجکردنی بڕی (200 ملیۆن دینار) بۆ دابینکردنی پێداویستی و نۆژەنکردنەوەی قهڵاتى ههولێر، کە یهكێكه له پێگه شارستانیه بهرچاوهكان و خاوهنى شێواز و تهلارسازى و كارهكتهرێكى بیناسازی گرنگه و به درێژایی 6 ههزار ساڵ شوێنى نیشتهجێبوون بووە”.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، “جگە لەو بودجە دیاریکراوەش لە ئێستادا دوای ژێرخاککردنی کارەبای قەڵات لە پێناو جوانتر نیشاندانی سیمای جوانی قەڵات و ئەو شوێنەوارە مەزنە کە مایەی شانازی گەلەکەمانە، دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەى شەقامى سەرەکى نێو قەڵات و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا لە سەر قەڵای هەولێر چەندین ڕێستۆرانت و چێشتخانە و کافێ بکرێتەوە و ببێتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری نێو سەنتەری شاری هەولێر، تاکو ڕۆژانە و بەتایبەتى لە كاتی بۆنە و ئاهەنگەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران و هاووڵاتییان رووی لێبكەن”.
لە راگەیەندراوەکەدا زانیاری لەبارەی پێگەی جوگرافی قەڵای هەولێر خراوەتەڕوو و باس لەوە کراوە “قەڵای هەولێر بازنەیی رووتەختە، رووبەری 102 هەزار و 190 مەتردووجایە و کەوتووەتە نێوەڕاستی شاری هەولێر، ٤١٥ مەتر لەئاستی رووی دەریا بەرزە و 26 مەتر و 25 سانتیمەتر لە ئاستی رووی شاری هەولێر بەرزترە، كە لە بەرزترین شوێنی، دەگاتە نزیكەی 30مەتر”.
نیهاد قۆجە سەرۆکی لێژنەی باڵای نۆژەنکردنەوە قەڵای هەولێر تایبەت بە تەبا وتی، “سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر ئێمە 3 ساڵ لەمەوبەر دوای پەتای کۆرۆنا دەستمان بە کاری نۆژەنکردنەوە کرد و تاوەکو ئێستاش نەوەستاوین”.
نیهاد قۆجە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕە پارەیەی کە لە ژێر دەستیانە زۆر کەمە و بەشی نۆژەنکردنەوەیەکی تەواو ناکات. وتیشی “بەڵام لە رێگای خێرخوازەکان، بڕە پارەیەکی یەکێتی ئەوروپا، پاڵپشتی دارایی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد، هەروەها بە پاڵشتیەکی گەورەی کاک شێخ باز بەرزنجی کە تاکو ئێستا بڕە پارەیەکی زۆری بۆ قەڵا تەرخان کردووە، ئێمە بەو پارانە نۆژەنکردنەوەکە ئەنجام دەدەین”.
سەرۆکی لێژنەی باڵای نۆژەنکردنەوە قەڵای هەولێر لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی “ئەو پرۆژانەی کە لە ژێر دەستمانە تاوەکو ئێستا تەواو بووە. ژێرخانی قەڵای هەولێر کە زێراب و ئاوەڕۆ و بۆڕی ئاو و ئەنتەرنێت و کارەبا دەگرێتەوە و هەمووی لە ژێر زەوییە، ئەو پرۆژەیە لەسەر ئەرکی شێخ باز کرا. هەروەها گۆڕینی دوو تانکی گەورەی ئاوی قەڵای هەولێر کە نزیکەی 70 ساڵە ئاوی قەیسەری هەولێر لەسەر ئەرکی ئەو دوو تانکیەی ئاوی قەڵایە و ئەویشمان بە تەواوی گۆری چونکە ئەو تانکیانە لە رۆژی دامەزراندی تاکو ئێستا دەستکاری نەکرابوو زۆر کۆنبوو بوو و ژەنگ لێیدابوو. لە شوێنی ئەوان دوو تانکی قەبارە گەورەمان دانایەوە، جگە لە نۆژەنکردنەوەی چەند خانووێکی دیکە ئەویش هەر لەسەر ئەرکی کاک شێخ باز بوو”.
سەبارەت بە حەمامەکەی قەڵای هەولێر، نیهاد قۆجە باسی لەوە کرد، “حەمامی قەڵا کە تا ئێستا کاری نۆژەنکردنەوەکەی بەردەوامیی هەیە، دەتوانم بلێم سەدا 70ـی تەواو بووە. ئەویش لەسەر ئەرکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدادە. لەهەمان کاتدا ناوەندی زانیاری بۆ منداڵان لەسەر مێژوو و ژیانی قەڵا دیسانەوە لەسەر ئەستۆی ئەوان دروستدەکرێت کە ئەویش لەسەر تەواوبوونە”.
لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی “جگە لەوەش ئێستا بە دیزاینێکی تازە کە گونجاوە لەگەڵ کولتووری قەڵا، خەریکی تەواوکردنی شەقامی ناوەراستی قەڵاین. دوو ساڵ خەریکی ئەم دیزاینەبووین ئەمەش هەر لە لایەن یونسکۆوە لە پاریس رەزامەندی لەسەر دراوە. هەروەها ئێستا نزیکەی دوو هەفتەیە دەستمان بەو پرۆژەیە کردووە و سەدا ٨٠ـی خەرجیەکان و پێداویستییەکان لە لایەن شێخ بازەوە دابینکراوە، هەروەها پارەی خەرجی کرێکارەکانیش لەسەر یونسکۆ دەبێت و ئەو پرۆژەیە نزیکەی 4 بۆ 5 مانگ دەخایەنێت، بۆیە ئێستا بە شێوەیەکی کاتی قەڵامان داخستووە”.
نیهاد قۆجە، سەبارەت بە پرۆژەی دروستکردنی کافێ و رێستۆرانیش دەڵێت “هەروەها لە ئایندەدا رێستۆرانت و کافێ و چایخانە لە قەڵا دروستدەکرێت و ئەمەش پێویستی بە رێنمایی تازە هەیە. ئێستا خەریکین لەگەڵ راوێژکاری یاسایی یونسکۆ و ڕاوێژکارەکانی خۆمان بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ئەوەی بتوانین ئەم شوێنانە بەکاربهێنین و رێوشوینەکان بزانین بۆ چۆنیەتی بە کرێدانیان و ئەو پارەی کە کۆدەکرێتەوە بۆ کێ دەروات، ئەمەش قۆناغێکە لە قۆناغەکانی قەڵا کە ئامانجمانە لە ساڵانی ئایندەدا بە تەواوی ئەو قۆناغەش ببرین”.
لە کۆتایشدا وتی: ئومێدەوارم زیاتر خزمەتی قەڵا و شاری هەولێر بکەین، ئەویش بە دەرخستنی قەڵا بە شێوەیەکی جوان وەک نمونەیەکی جوان بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندیەکی گەشتیاری”.
هەواڵ: ئەمیر دمیرجی
فۆتۆ: ئەحمەد سیروان