عێراق و میسر 11 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە 11 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ میسر واژوو کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی حوزەیرانی 2023 کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ھاوبەشی نێوان عێراق و میسر لە قاھیرە ئەنجامدرا و دوای کۆبوونەوەکە محەمەد شیاع سوودانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ مستەفا مەدبولی، سەرۆکوەزیرانی میسر سازکرد.  

سوودانی رایگەیاند، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا عێراق و میسر، 11 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژوو کردووە. وتیشی "یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان، تایبەتن نەخشەڕێگای پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بۆ قۆناغی داھاتوو".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، "عێراق و میسر، خواستیان ھەیە پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانیان بدەن، ھەروەھا ھاریکارییەکانیان لە بوارەکانی ئابووریی، بازرگانیی، وەبەرھێنان پتەوتر بکەن. پێویستە ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنانەی کە واژوو کراون، جێبەجێ بکرێن".

سوودانی، باسی لەوەشکرد، سەقامگیریی لە وڵاتەکەی بەرقەرارە و لە ئێستادا عێراق سیاسەتێکی سەربەخۆی ئابووریی لە ناوچەکەدا هەیە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق. پاڵپشتی خۆی بۆ کەرتی تایبەت دووپاتکردەوە و رایگەیاند کە لەئێستادا، ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرھێنەری بیانی بۆ کاری وەبەرھێنان روویان لە عێراق کردووە.

راشیگەیاند، "پەرۆشی ئەوەین کۆمپانیا میسرییەکانیش بۆ وەبەرھێنان روو لە عێراق بکەن و بەرنامەیەکی باشمان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە بواری ئابوورییدا داناوە".

جەختیشی کردەوە، "پێویستە عێراق و میسر رۆڵی گرنگ لە بەدیھێنانی سەقامگیریی لە ناوچەکە بگێرن. ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، بەشێکە لە ئاسایش و سەقامگیریی میسر".

محەمەد شیاع سوودانی دووپاتیکردەوە کە گرنگە پاڵپشتی لە دەستپێشخەریی و ھەوڵەکانی میسر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەکان لەنێویاندا، چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین و وتی "ئەمڕۆ عێراق بووەتە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان لە ناوچەکە".

لای خۆیەوە مستەفا مەدبولی، سەرۆکوەزیرانی میسر جەختی لەسەر گرنگی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان میسر و عێراق کردووە و رایگەیاند کە دەیانەوێت کاری ھاوبەش لەگەڵ عێراق زیاتر بکەن.

مستەفا مەدبولی راشیگەیاند کە سەقامگیریی عێراق بۆ میسر گرنگە و وتی "کۆمپانیا میسرییەکان، ئامادەن بۆ کاری وەبەرھێنان روو لە عێراق بکەن".