دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئۆفیسی خۆی لە نێو فڕۆکەی ئەیر فۆرس وەن، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، سبەی سێشەممە، ڕێكەوتی 18ـی ئاداری 2025، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا قسە دەکەم، چونکە هەفتەی ڕابردوو شتی زۆر باش ڕوویان داوە.
دۆناڵد ترەمپ وتیشی، لەگەڵ پوتین قسە دەکەم بزانم دەتوانین کۆتایی بەو شەڕە بهێنن یان نا، لەوانەیە بتوانین، لەوانەشە نەتوانین، بەڵام شانسێکی باشمان هەیە کە بتوانین.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەشی دا، لەبارەی خاک و چەکی ئەتۆمیش گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی رووسیا دەکەم.
ترەمپ، کاتێک لە بارەی ئیمتیازاتەکانەوە پرسیاری لێ کرا، وتی، پێموایە پێشتر لەلایەن ئۆکرانیا و رووسیا باس لە بەشێکی کراوە. ئێمەش پێشتر باسمان لە بەشی خۆمان کردووە.
یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا لە میانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی ‘سی ئێن ئێن’، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاندووە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار بووە.
هاوکات پێشبینی دەکات لە هەفتەکانی داهاتوودا ئۆکرانیا و ڕووسیا لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕێککەون. دەشڵێت: بەر لەوەی سەردانی رووسیا بکەم، مۆسکۆ و کێیڤ، بۆچوونیان لەبارەی زۆرینەی پرسەکان بە تایبەتی ئاگربەست لە یەکدییەوە زۆر دوور بوو، بەڵام دوای سەردانەکەم ئێستا بۆچوونیان لەیەکترەوە نزیکە.