حکومەتی هەرێم لە بارەی بۆری غازی کۆرمۆر – کەرکووک روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگە کارەباییەکانی هەرێم دابین نەکراوە، کۆمپانیای دانە گازیش بەبێ رەزامەندی حکومەتی هەرێم ناتوانێت غاز بۆ هیچ شوێنێک بگوازێتەوە، لە بارەی بۆری نێوان کۆرمۆر و کەرکوویش دەڵێت، "ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە ئەو بۆرییە بوونی هەیە بۆ گواستنەوەی غازی پوختەکراو بەکارهێنراوە." وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەبارەت بە دەنگۆی تەواوكردنی راكێشانی بۆرییەكی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بە پێویستی دەزانن ئەم روونكردنەوەیە بدەن، بۆ ئەوەی بابەتەكە بە هەڵە لە ڕاگەیاندنەكانەوە باس نەكرێت. ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان-عێراق دابین نەكراوە، بەپێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیاكە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە. ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی غازی پوختەکراو بەكاری هێناوە. لە راگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم باس لەوەشکراوە، لە كۆبوونەوەی رۆژی 2ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) بە فەرمی بە كۆمپانیای داناگازیان راگەیاندوە، نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان گازی کێڵگەکانی هەرێم بۆ هێچ شوێنێک چ لەناوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چەند میدیایەک دەنگۆی گەیاندنی بۆری غازی سروشتی کێلگەی کۆرمۆر لە قادرکەرەمەوە بۆ کەرکووک بڵاوکرایەوە.