ئیسرائیل گەشتکردن بۆ وڵاتەکەی لە گۆتێرێز قەدەغە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڕیاری دا قەدەغەی چوونە نێو وڵاتەکە بخاتە سەر سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو پاڵپشتیی لە "تیرۆریستان" دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتی، ئەوە هێرشێکی دیکەیە بۆ سەر رێکخراوەکەیان.

رۆژی چوارشەممە، 02-10-2024، یسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، بڕیاریدانداوە قەدەغەی چوونە نێو خاکی ئیسرائیل بخەنە سەر ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. وتیشی: "سکرتێری گشتی نەیتوانی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بکات و ناوی نەهێنا."

کاتز هەروەها وتی، سیاسەتەکانی گوتێرێز لە بەرامبەر ئیسرائیل لەماوەی ئەو جەنگەدا "بریتیی بووە لە پاڵپشتیکردنی تیرۆریستان، دەستدرێژیکاران و بکوژانی حەماس، حووسییەکان و حیزبوڵڵا؛ ئێستاش پشتگیریی لە ئێران دەکات کە دایکی تیرۆری جیهانییە."

کاتز لە راگەیەندراوێک وتی، هەر کەسێک نەتوانێت بە شێوازێکی راستەوخۆ و تەواو سەرکۆنەی تاوانە قێزەونەکەی ئێران بکات، شایانی ئەوە نییە پێ بخاتە سەر خاکی ئیسرائیل.

دوای بڕیارەکە، ستێفان دووژاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوەی کاتز هێرشێکی دیکەیە بۆ سەر کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە بینراوە.

دووژاریک وتیشی: "سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە سەرکۆنەی هێرشەکانی حەماس و تووندوتیژییە سێکسییەکانی ئەو گرووپەی کردووە."