سودانی و زێلێنسکی تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانیان کرد

سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانیان کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاو کراوەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ٤ی ٢٠٢٣، زێلینسکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سودانی ئەنجامداوە.

لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنێتی پەرەپێدان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان بەشێوەیەک کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بێت، کراوە.

سودانی، لە میانی پەویوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە لە ئۆکراینا و گرتنەبەری رێگای دیالۆگ وەکو ئاراستەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە کردووەتەوە.

لای خۆیەوە زێلێنسکی، ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق وڵاتێکی سەرەکی و گرنگە و لە روانگەی ئەو گرنگییەوە پەرۆشە لەسەر پێشخستنی پەیوەندییەکانی لە سەرجەم بوارەکاندا لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.