خەڵاتی نۆبڵ 2023 بۆ ئاشتیی، بەخشرایە چالاکوانی ئێرانی، نێرگز موحەمەدی کە لە زینداندایە

بەهۆی کارەکانی لە بواری مافەکانی ئافرەتان، خەڵاتی نۆبڵ 2023  بۆ ئاشتیی، بەخشرایە چالاکوانی ئێرانی، نێرگز موحەمەدی کە لە زینداندایە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن لیژنەی نۆبڵی نەرویجەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کرا کە بەهۆی خەباتی لە پێناو ژنانی ستەمدیدە لە ئێران، خەڵاتەکە بەخشراوە بە نێرگز موحەمەدی.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە نێرگز موحەمەدی خەباتی کردووە بۆ ئەوەی هەمووان هانبدات بۆ ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ.

باس لەوەیش کرا خەباتی بوێری نێرگز موحەمەدی لەپێناو مافەکانی مرۆڤ باجی زۆری پێ داوە و، لە ئێران 13 جار دەستگیرکراوە، پێنج بڕیاری سزای بۆ دەرکراوە و سزای زیندانی 31 ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە نێرگز موحەمەدی "جەنگاوەرێکی بەرگرییکاری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە" و هاتووە:

"لە پای ئەو خەباتە بوێریانەی لە پێناو مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسیی لە ئێران کردوویەتی، (لیژنەکە) ویستی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتیی پێ ببەخشێت و ڕێزی ڵێ بگرێت. لە هەمان کاتدا، خەڵاتی ئاشتیی ئەمساڵ دەبەخشرێتە ئەو سەدان هەزار کەسەی لە ساڵی ڕابردوودا دژی جیاکاری و سیاسەتی سەرکوتکردنی ڕژێمی تیۆکڕاتیک کە ژنانی کردبووە ئامانج، خۆپیشاندانیان سازکرد. ئەو خەڵاتەی بەخشرایە نێرگز موحەمەدی درێژەپێدەری نەریتێکی ڕەگداکوتاوە بەو کەسانەی کار دەکەن لە پێناو بەرەوپێشبردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتیی و مافی مرۆڤ و دیموکراسییدا. ئەمانە پێشمەرجی گرنگن بۆ ئاشتیی درێژخایەن".