وتەبێژی حکومەتی عێراق لەسەر پشکی هەرێم هاتەدەنگ

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی سەرجەم پابەندە داراییەکانی بەرامبەر هەرێم جێبەجیکردووە، بەڵام هەرێم تا ئێستا داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغداد نەکردووە .دەشڵێت، "قەرزەکانی سەر هەرێم گەیشتووەتە سێ هێندەی پشکەکەی."

ئەمڕۆ هەینی، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دووپاتیکردەوە کە عێراق پابەندییە داراییەکانی بەتەواوی بەرامبەر بە هەرێمی جێبەجێکردووە. ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵی زۆریان داوە بۆ دابینکردنی چارەسەر بۆ کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد. ئاماژەی بەوەشکردووە، تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەو پارەیەی کە هەرێم قەرزدار بووە گەیشتووەتە سێ هێندەی پشکی هەرێم. وتیشی، حکومەتی هەرێم پابەندی یاسای بودجە نەبووە داهاتی ناوخۆ و نەوتی رادەستی بەغداد نەکردووە، سەرەڕای ئەوەش، حکومەتی ناوەندی تۆمەتبار دەکات لە کاتێکدا ئەوان هەوڵدەدەن موچەخۆرانی هەرێم باجی پابەندنەبوونی حکومەتەکەیان نەدەن و بە قەرز پارە بۆ دابەشکردنی موچە بنێرن تا کێشەکان چارەسەر دەبن. لە سەرەتای رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد تا ئێستا دوو ترلیۆن و 298 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە و دوای پابەندبوونی هەرێم بە یاسای بودجە دەبێت هەرێم ئەو قەرزانە پاکتاو بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغداد و رێکنەکەوتنیان لەبارەی پشکی هەرێمەوە شاندەکەی هەرێم داوایان لە حوکمەتی ناوەندی کرد ئەگەر بە قەرزیش بووە پارەی موچە بۆ هەرێم دابین بکەن و دواتر بەغداد بڕیاریدا 500 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری هەرێم، بەڵام حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە کەمە و ناتوانن مووچەی پێدابەش بکەن. بەپێی زانیارییەکانیش، بەغداد داوای لە شاندی هەرێم کردووە سەرجەم داهاتی خاڵە سنوورییەکان رادەستی بەغداد بکرێت و دواتر نیوەی بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێم، بەڵام هەرێم رازی نەبووە و بەهۆی ئەوەش پشکی هەرێم لە بودجە رەوانە ناکرێت.